pyaz پیاز



(( باشترین دەرمان بەلامەوە بۆ بەرگری لە ئەنفلۆنزا و هەڵامەت ، خواردنی پیازێکی پیشاوی گەرمە ، ڕاستەوخۆ پێش ئەوەی بچمە ناو جێگەوە بۆ خەو))..........ئەمە قسەی (جۆرج واشنتۆن)ی سەرکردەی کۆچکردووی بەناوبانگی ئەمەریکایە .


بەڵام پێش ئەوەی جۆرج واشنتۆن ئەم سوودەی پیاز بزانێت ،خەڵکی میسڕ پێش هەزاران ساڵ ئەیانزانی کە پیاز گەلێک سوودی تەندرووستی تیایە، زۆر زیاتر لەوەی تەنیا بۆ بەرگریی بەرامبەر ئەنفلۆنزا بەسوود بێت .......ئەو سەردەمانە پیاز و سیر خواردنی سەرەکییان بوو لەکاتی بنیاتنانی هەڕەمەکان دا بۆ پاراستنیان لە نەخۆشیی و بەخشینی هێز پێیان بۆ تەواوکردنی ئەو بینا مێژووییە مەزن و نەمرانە.

سوودە تەندرووستییە زۆرەکانی پیاز لە چەند دێڕێک دا
-خۆراکێک بۆ پاراستنی مسۆگەری دڵ لەچەندین لایەنەوە.
-بەرزکردنەوەی ئاستی کۆلیسترۆڵی بەسوود (HDL).
- بەردەوامی هاتوچۆی خوێن دەپارێزێت.
- بەرگری ئەکات لە بەستن(جەڵتە)ی خوێن.
- بەگشتی ئاستی کۆلیسترۆڵ دائەبەزێنێت.
- ئاستی شەکر(گلوکۆز) لە خوێندا ڕێک دەخات.
- بەکتریا دەکوژێت.
- گیرانی بۆرییەکانی هەوا کەم دەکاتەوە.
- بەرگریی لەش بەهێز دەکات لە بەرامبەر شێرپەنجەدا.

pyaz پیاز



باشترین دەرمانی سروشتیی بۆ دروستی دڵ
بە پێی تاقیکردنەوە و لێکۆڵینەی جۆراوجۆر، دەرکەوتووە خواردنی پیازی توونی کاڵ بە تایبەتی ، ئاستی کۆلیسترۆڵی سوودبەخش(کۆلیسترۆڵ - چەوری – کە چەندین جۆری هەیە سوودبەخش و زیان بەخش) بەرز ئەکاتەوە.
ئەم کاریگەرییەش پەیوەستە بە چەندین مادەی کیمیاییەوە کە لێکۆڵەران لە پیاز دەریانهێناوە و نزیکەی ١٥٠ مادەی جیایە. دیارە پیازی کوڵاو کاریگەری کەمتر ئەبێت چونکە زۆربەی ئەو مادانە لەکاتی کوڵاندن دا لەناودەچن.
لێکۆڵەرانی پزیشکی ڕایان وایە کە خواردنی نیو پیازی کاڵی قەبارە ناونجی ئەو سوودەی لێ دێتەدی(وەک زانراوە، بەرزبوونەوەی ئاستی کۆلیسترۆڵ ترسناکترین هۆکارە بۆ درووست بوونی وەستانی دڵ).
دەریشکەوتووە خواردنی پیاز ڕێگر ئەبێت لەوەی کۆلیسترۆڵ بنووسێت بەخانەکانی خوێنەوە، یان بەستنی خوێن درووست ببێت. زانراویشە ئەم بەستنە هەڕەشە لە دروستی دڵ دەکات ئەگەر بۆرییەکانی تاجی بگرێتەوە کە خوێن ئەدات بە ماسولکەی دڵ و لەم دۆخەدا چوونی خوێن بۆ ماسولکەی دڵ کەم ئەبێتەوە و مەترسی ئەخاتە سەر ژیانی مرۆڤ.

پیاز و نەخۆشی شەکرە
لەسەردەمانێکی زووەوە پیاز بەکارهێنراوە وەک چارەسەری نەخۆشیی شەکرە، بەڵام کاریگەری ئەم چارەسەرە تا ساڵی ١٩٢٣ یەکلایی نەکرابووەوە و ئەو کاتە لێکۆڵەران دڵنیابوون کە هەندێک مادەی کیمیایی لە پیاز دا هەیە، ئاستی کۆلیسترۆڵ(گلوگۆز) لە خوێندا کەم ئەکاتەوە.
لەساڵانی شەست دا لێکۆڵەران توانییان ئەو مادانە دیاری بکەن کە گرنگترینیان بریتییە لە مادەی ئۆراینز (Orinase) ، کە کاریگەری هەیە لە کەمکردنەوەی ئاستی شەکری ناو خوین ، هاوشێوەی دەرمانی دابەزاندنی ئاستی شەکری ناو خوێن.

پیاز وەک ئەنتی بایۆتیک
لەوانەیە یەکەم  کەس کە پیازی وەک ئەنتی بایۆتیک باس کردبێت زانای بەناوبانگ (لویس پاستیر) بێت، لەناوەڕاستی سەدەی هەژدەهەم دا . لەو کاتەوە بەکارهێنانی پیاز بووە بە باو بۆ چارەسەری پەتا، و لێکۆڵەران دواتر سەلماندیان کە پیاز کاریگەرە لە کوشتنی زۆر جۆری بەکتریای هۆکاری نەخۆشی.
جگە لەوە، کاریگەریی توونی پیاز کە هاوشێوەی کاریگەری سیر و توورە ، یارمەتیدەرێکی باشە بۆ تواندنەوەی چڵمی زیادە (بەڵغەم) و بەمەش دەرکردنی ئاسان ئەکات لە ڕێڕەوەکانی هەناسەدان ، لەوانەش لووت و بۆرییەکانی هەوا.
بۆیە پیاز وەک ئەنتی بایۆتیکێکی سرووشتی دژی زۆر جۆری بەکتریایەوە و هاوکات توێنەرەوەی چڵمیشە، وە بەباشترین خۆراکی دەرمان دائەنرێت بۆ چارەسەری سەرمابوون ( ئەنفلۆزا) و کۆکە و هەوکردنی بۆرییەکانی هەوا.

پیاز وەک دژە شێرپەنجە
لەبەر ئەوەی پیاز ڕێژەیەکی بەرزی پێکهاتەی کبریتی تیایە ، لێکۆڵەران پێیان وایە بەرگری ئەکات لە بەرامبەر شێرپەنجەدا، چونکە زانراوە کە ئەم پێکهاتەیە بەرگری ئەکات لە بەرامبەر گۆڕان لەخانەکان دا ، ئەو ڕووداوەی سەرەتای تووش بوونە بە شێرپەنجە، لەوانەشە پیاز هەندێک مادەی تری تیادابێت کە بە دژەشێرپەنجە دابنرێت.
وەک زانراویشە ، سیر پێکهاتەی کبریتی هاوشێوەی ئەو پێکهاتەیەی پیازی تێدایە ، بۆیە( ڕێکخراوی نێودەوڵەتی شێرپەنجە) ئەو دوو خۆراکە – پیاز و سیر – و وەک باشترین خۆراک ناساندووە کە لەوانەیە بتوانێت ببێتە پارێزەر لەنەخۆشی ترسناکی شێرپەنجە.

باشترە پیاز بە کاڵیی بخورێت 
-پیاز بەکاڵیی ئەخورێت بۆ ئەوەی ئاستی کۆلیسترۆڵی سوود بەخش ، تێبینی ئەوەش بکە ئەو مادە کاریگەرەی ئەم سوودە دێنێتەدی هەمان ئەو مادەیەیە کە هۆی توونی (تیژی) پیازەکەیە، بۆیە خواردنی پیاز بە کوڵاوی ئەم تایبەتمەندییە گرنگەی لەدەست دەدات.
- پیازی سپی یا زەردی توون ئەخورێت، نەک پیازی سوور( ئەوەی کە پێی دەڵێن پیازی شیرین) چونکە کاریگەری کەمترە.
-پیاز لە شەو و ڕۆژێک دا  نابێتە هۆی بەرزبوونەوەی ئاستی کۆلیسترۆڵی سوودبەخش یا دابەزینی ئاستی کۆلیسترۆڵی زیانبەخش، بەڵکو پێویستە بەڕێکوپێکی و بەردەوام ڕۆژانە نیو پیازی قەبارە ناوەنجی بخورێت ، لانی کەم بۆ ماوەی دوو مانگ.
- بۆ سوود وەرگرتن لە تایبەتمەندییەکانی پیاز بۆ خۆپاراستن لە تووش بوون بە بەستن(جەڵتە)ی خوێن، ئەکرێت پیاز بەهەردوو شێوەکە واتە بەکاڵی و بە کوڵاوی بخورێت.


سەرچاوە:- گۆڤاری خاک – ژمارە ١٣٩

دووبارە نووسینەوەی:
دەوەن سەردار حەمە عەلی
ئەندازیاری کشتوکاڵی
   

بڵاوی بکەرەوە لە:

دەوەن سەردار

ئەندازیاری کشتوکاڵ

بۆچوون: