کاهوو،کشتوکاڵ



ناوى کوردى:  کاهوو
ناوى عەرەبى:  خس
ناوى ئینگلیزى: Lettuce
ناوى زانستى: Lettuce sativa
ناوى خێزان: المرکبة Compositae


پێشەکى:
کاهوو یەکێکە لە ڕووەکە گەورەکان و ئەم خێزانە نزیکەى ٨٠٠ توخم و ٢٠،٠٠٠ جۆر لەخۆى دەگرێت. خێزانى کاهوو هەمان خێزانى گوڵەبەڕۆژە و سێوە بن ئەرز و گوڵە دالیا و بابۆنج و هەمیشە بەهارەیە. کاهوو بۆ مەبەستى دەستکەوتنى گەڵاکانى دەڕوێنرێت کە بەتازەیى دەخورێت و یەکێکە لەو بەروبوومە گرنگ و باوانەى بەسەوزى و تەڕى لە دروستکردنى زەڵاتەدا بەکاردەهێنرێت، وێڕاى بەها خۆراکییە دەوڵەمەندەکەى بەنیاسین و کالیسیۆم و بڕێک لە ئاسن و ڤیتامین C، A و ریبوفلافین و ترشە ئەندامییەکانیشى وەک ترشى ستریک تێدایە.


نیشتمانى بنەڕەتى:
کاهوو یەکێکە لەو بەروبوومانەى مێژووى ناسین و بەکارهێنانى زۆر دێرینە و دەگەڕێتەوە بۆ زیاتر لە ٤٠٠ ساڵ پێش زایین. بڕوا وایە ئەوروپا و ئاسیا نیشتمانى بنەڕەتى کاهووبن، ئەو کاهووەى ئێستاکە لە کێڵگە و باخچەکانى ناو ماڵاندا دەڕوێنرێت بۆ توخمى Lactuca scariola  ى کێوى دەگەڕێتەوە کە بەشێوەیەکى خۆرسک لە زۆر ناوچەى جیهاندا بڵاوبۆتەوە.

وەسفى رووەکى:
کاهوو لە کۆمەڵەى رووەکە دوولەپەکانە و ڕەگەکەى مێخییە لەکاتى شەتڵدا تێکدەچێت و کۆمەڵێک ڕەگى لاوەکى بەدوو ڕیزى بەرامبەر لەسەر پاشماوەى ڕەگە سەرەکییەکە دروست دەکات و تاکوو قوڵایى ١٢٠ – ١٨٠سم لەکاتى گەشەى تەواودا بەزەویدا ڕۆدەچێت، قەدەکەى کورتە و لە ١٠سم تێپەڕ ناکات لەکاتى گەڵاکردندا، هەروەها گوڵکۆ دروست دەکات. گەڵاکانى زۆرو پڕ و پانن و بەشێوەى تاک و کۆ لەسەر قەدە کورتەکە ڕیز بوون، گەڵاکانى دەرەوەى گەورەیە و لۆچ نین و ناوەوەى بچوکترن و لۆچن بەناویەکدا، لەوانەشە سەرى گەڵاکان لە هەندێک جۆرى کاهوودا بەرەو ناوەوە بچن و تۆپێکى فشەڵ دروستبکەن کە لەکاتى لێکردنەوەى گەڵاکان یەک یەک ئەمە تێبینى دەکرێت. لەڕووى ڕەنگ و قەبارە و چەورى و ئەستوورى و تەنکى و دەمارە سەرەکییەکەیەوە گەڵاکانى کاهوو بەپێى جۆرەکانى جیاوازن. هەرچى گوڵەکانیەتى لە گوڵکۆیەکدا ڕیز بوون و گوڵەکان لە جۆرى نێرە موکن Hermaphroditic . بەرەکەى لەجۆرى هەژارە بەرە Achene کەبەرێکى درێژکۆڵەى ڕەق و نەکراوەیە و لەناویدا یەک تۆوى تێدایە و کوڵکێک بەلایەکییەوەیە بۆ بڵاوبوونەوەى بەهۆى هەواوە یارمەتى دەدات.


بارودۆخى لەبار:
١) پلەى گەرمى: کاهوو لەو رووەکانەیە حەز بەسەرما دەکات و لەکەشى سارددا بەباشى گەشە دەکات، ناوەندى پلەى گەرمى مانگانەى لەنێوان ١٢،٥ – ١٥،٥ پلەى سەدیدا گونجاوە بۆى بەڵام ئەگەر بۆ ٢١ – ٢٧ پلەى سەدی بەرز بۆوە گوڵکۆکانى زوو دەردەکەون و تامى کاهووەکە مەیلەو تاڵ دەبێت. هەتا زوو کاهوو بڕوێنرێت باشترە چونکە زوو ڕواندنى و بەبوونى (هەبوونى) ئاو و پەینکردنى لەسەرەتاى گەشەکردنیدا وادەکەن ڕەگەکانى بەباشى دروست ببن و گەڵاکانى بەجوانى گەشە بکەن. ماوەى گەشەکردنى کاهوو هەر لەچاندنییەوە تاکو لێکردنەوەى نزیکەى ٧٠ – ١٠٠ڕۆژ دەبێت و ئەم ماوەیەش پشت بەناوەندى پلەکانى گەرمى لەوەرزى گەشەکردنیدا دەبەستێت.

٢) خاک: کاهوو لەو رووەکانەیە بەرگەى خاکى ترش ناگرێت واباشە پلەى ترشى(pH) خاکەکە لە 6 – 6،8 پلە دابێت وە لەخاکە قوڕییە تێکەڵەکاندا یان خاکى لمى یان ئەندامیدا بەباشى گەشەدەکات بەتایبەتى خاکەکە سوک بێت و ئاوەڕۆى باش بێت بەڵام ئەگەر ماددە ئەندامییەکان بەبڕى زۆر لە خاکەکەدا بوون بەباشى گەشە ناکات. بۆ دەستکەوتنى بەروبومێکى باش و زۆر خاکە لمییە تێکەڵەکان باشترین خاکە بۆ گەشەکردنى.


چاندنى:
ئەو زەوییەى بۆ چاندنى کاهوو دانراوە پێویستە بەباشى بکێڵرێت و لەگەڵ پەینى ئاژەڵیدا تێکەڵ بکرێت، پاشان بۆ چەند چاڵێک بەڕووبەرى ١x٢ مەتر دابەش دەکرێت و تۆوەکان بەتەنکى واتا ( بەشێوەیەکى بڵاو نەوەک بە چڕى ) بەناو چاڵە ئامادەکراوەکاندا بڵاو دەکرێتەوە. لەدواى (٤ - ٦) هەفتە تێبینى دەکرێت تۆوەکان چەکەرەیان کردووە بۆ شەتڵ دەشێن. بڕى ئەو تۆوەش کە بۆ هەر دۆنمێک پێویستە ٢٠٠ – ٣٠٠ گرام تۆو دەبێت کەنزیکەى ٢٥ – ٣٠ هەزار شەتڵ دەردەچێت و ئەو ڕووبەرە بەتەواوەتى پڕ دەکاتەوە. پێویستە ڕەچاوى ئەوە بکرێت تۆوى تازە لە پلەى گەرمى بەرزدا ناتوانن چەکەرە بکەن بەپێچەوانەى تۆوى کۆنەوە. کاتێک شەتڵەکان ئامادەدەبن زەوییە هەمیشەییەکان بەباشى دەکێڵرێت و پەین دەکرێت و زەوییەکە بۆ مەرز(جۆگەڵە) بەدوورى ٧٥سم دابەش دەکرێت و شەتڵەکان دەڕوێنرێت و بەشێوەیەک ٢٠ – ٢٥سم لەنێوان هەر شەتڵ و شەتڵێکى دیکەدا بێت و ئاو دەدرێن، دەکرێت راستەوخۆ تۆوەکان لە کێڵگەش بچێنرێن لەجیاتى ئەوەى دوو جێگەیان پێبکرێت.


کاهوو،کشتوکاڵ

پەینکردنى:
بۆ هەر دۆنمێک پەینى کیمیایى بەم شێوەیە بەکاردێت ١٠٠کگم لەپەینى سەلفاتى ئامۆنیۆم بەدووجار یەکەمیان (٣-٤) هەفتە لەدواى شەتڵکردنى کە  پەینى نایترۆجین(N) + فۆسفۆر(P) لەخۆى دەگرێت وە دووەم پەینکردن لەدواى مانگێک لە پەینکردنى یەکەمجار کە بەشى دووەمى پەینە نایترۆجینەکە دەبێت لەخوار رووەکەکە چاڵى باریک بەدرێژایى مەرزەکە دەکرێتە ناوى و خۆڵەکە دەکرێتەوە بەسەریدا وەراستەوخۆ زەوییەکە ئاو دەدرێت. هەرچى پەینە ئاژەڵییەکەشە ئەوا لەپێش چاندنى کاهووەکەوە دەکرێتە زەوییەکەو لەگەڵیدا تێکەڵ دەکرێت.  

ئاودانــــى:
کاهوو لەو رووەکانەیە کەخاکەکەى پێویستە هەمیشە بەشێدارى بمێنێتەوە، بەتایبەتى لەکاتێک پلەى گەرمى بەرزە پێویستى بەئاوى زۆرە بەڵام کاتێک پلەى گەرمى نزمە و کەشێدارە ئاوى کەمترى دەوێت، هەروەها جۆرى خاکەکەش کادەکاتە سەر بڕى ئاودانەکەى ئەگەر خاکەکە لەجۆرى قورس بوو درەنگ درەنگ ئاو دەدرێت بەڵام لەخاکە سوکەکاندا زوو زوو ئاودەدرێن. پێویستە ئاگادارى ئەوەش بکرێت لەسەرەتاى گەشەکردنیدا نابێت ئاوى زۆر بدرێت بۆ ئەوەى ڕەگى لاوەکى لەسەر ڕووى خاکەکە دروست نەکات و لەماوەى پێگەیشتنیدا کاتێک کەش گەرمە هەر نابێت لەئاستى پێویست زیاتر ئاوبدرێت چونکە دەبێتە هۆى خێراکردنى گەشە و دروستبوونى گوڵکۆکان.

کاتى چاندنى تۆوەکان:
لەدواى چاندنى تۆوەکان و دروستبوونى شەتڵەکان لە ناوەراستى تشرینى یەکەم مانگى١٠ وە  تاکوو کۆتایى شوبات مانگى ٢  شەتڵەکان لەکێڵگە هەمیشەییەکاندا دەڕوێنرێت.

پێکهاتەکەى و  سوودەکانى:
گەڵای کاهوو "خاس" پڕە لە ڤیتامینەکانی (ئەی، بی، سی و دی) توێژینەوە کانیش ئەوەیان دەرخستووە، کە کاهوو هەندێکی مادەی ڕۆن، پڕۆتینی تێدایە و جگە لەوەیش زۆر ڕێژەیەکی زۆری ئاسن، فسفۆر، یۆد، کلۆر، زرنیخ، کۆباڵت، کارۆتین، توتیا، مەگنیزیۆم و کلۆرات و چەند مادەیەکی دیکەیشی تێدایە. بە هۆی ئەوەی کاهوو بە ڕێژەیەکی زۆر ڤیتامین دی و خوێ تێدایە، کاریگەریی بەسەر ئەو هۆرمۆناندا هەیە، کە تایبەتن بە سێکس و ڕێژەکانیان ڕێک دەخات. سەوزەی کاهوو مادەیەکی دیکەی گرنگی تێدایە، ئەویش “لاکتۆکاریۆمLactucarium ”ە کە مێشک هێور دەکاتەوە و هیچ زیانێکی نییە وەک مادە هۆشبەرەکان و ئەو دەرمانانەی بۆ خەو بەکار دێن. کاهوو وەک چارەسەرێک بۆ ئەو کەسانە بەکار دەهێندرێت، کە توشی قەبزی بوونە، چونکە ڕیشاڵی سیلیلۆزی تێدایە، کە یارمەتی کۆئەندامی هەرس دەکات بە ڕێکوپێکی بڕوات و هەروەها کاهوو بۆ ئەو کەسانەیش باشە، کە زیخ لە میزیاندا هەیە.



ئامادەکردنى: شاڵاو عبدالرحمن

بڵاوی بکەرەوە لە:

دەوەن سەردار

ئەندازیاری کشتوکاڵ

بۆچوون: