چۆن کشتوکاڵ بکەین؟,رابەر فەتاح ساڵح



کشتوکاڵ کردن لە کوردستان مێژوێکی دووری هەیە تەنانەت سەرچاوەکان باس لەوە دەکەن کە بۆ یەکمجار رووەکی گەنم لە ئەشکەوتی چەرمۆ دۆزراوەتەوە. سەرەتایەکی جوان و مێژوێکی پڕ دانیسقە، بەڵام ئایا کشتوکاڵ کردن لە کوردستان هاوتای ئەو دیرۆکە کۆنەیە؟ یان توانیومانە خاوەنداریەتی ئەو سەرچاوە گرنگەی مێژو بکەین؟ توانیومانە کشتوکاڵ بگەێنینە قۆناغێک کە وەکو سەرچاوەیەکی داهاتی گرنگ بایەخی هەبێ؟
 شێوازی کشتوکاڵ کردن و جۆری بەرهەممان لە چ ئاستێکدایە؟ کامە جۆری بەرووبووم لای جوتیارانی کورد بایەخی هەیە؟ هۆکارەکەی چییە؟ ئایا جوتیارانی کورد شارەزاو لێهاتوون لە بووارەکانیاندا؟ ئەو بەرهەمانەی دەخرێنە بازاڕەکان چەند داواکاری خەڵک پڕ دەکانەوە؟ ئایا کواڵتیان بە پێ ی داواکاری خەڵکە؟ چۆن وا بکەین بەرهەمە خۆماڵییەکانمان ببنە جێ ی متمانەو بایەخی خەڵک؟ ئایا تا ئێستا هیچ پەیوەندییەک لە نێوان وەزارەتی کشتوکاڵ و کۆلێژەکانی کشتوکاڵ و جوتیاران و دواتر بازاڕەکان و داواکاری خەڵک هەیە؟ ئەو توێژینەوانەی کە لە رێگای خوێندکارانی دکتۆرا و ماستەر ئەنجامدەدرێن ئایا بە پێ ی پێویستین و کاریان پێ دەکرێت؟

 وەڵامی هەموو ئەو پرسیارانە بە شێوەیەکی گشتی بەداخەوە نەرێنییە. هەروەها لای بەشێکی زۆری جوتیارانی کورد تەنها بەرووبوومە دانەوێڵەییەکان بایەخیان هەیە، بەتایبەتی گەنم و جۆ. لە راستیدا ئەوە تێگەیشتنێکی هەڵەیە. ئێمە وەکو مامۆستای زانکۆ و شارەزا لەو بووارەدا ئەرکی قورسمان دەکەوێتە ئەستۆو بەشێکی زۆری ئەو وەڵامە نەرێیانە دەکەوێتە ئەستۆی ئێمەو لەبەر کەمتەرخەمی ئێمەیە. لە ئێستادا وەک دەبینین کوردستان بە دۆخێکی نالەبارو قەیراناویدا تێدەپەڕێت و بەردەوامیشی هەیە، بۆیە لە ئەستۆی ئێمەیە کە وا لە جوتیاران بکەین کە زیاتر و باشتر بایەخ بەو سەرچاوە گرنگەی داهات بدەن. ئەوەش بەهۆی توێژینەوەی زانستی دەبێت، توێژەرەکان دەبێت راستەوخۆ کار لە سەر باش کردنی جۆری کشتوکاڵ کردن و بەرزکردنەوەی ئاستی بەرهەم و کواڵتی بەرهەم بکەن. لە لایەکی تر دەبێت کۆلێژی کشتوکاڵ ئەلقەی پەیوندی بێت لە نێوان وەزارەتی کشتوکاڵ و جوتیاران و داواکاری بازاڕەکان. جگەلەوەش دەبێت چیتر مامۆستایانی کۆلێژی کشتوکاڵ و شارەزایانی ئەو بووارە پێیان وانەبێت کە ئەرکی ئەوان تەنها نێو هۆڵەکانی کۆلێژە و دەبێت بخزێنە ناو کێڵگەکانی جوتیاران و رێنمایی جوتیاران بکەن بۆ مەبەستی پێشخستن و بووژاندنەوەی کەرتی کشتوکاڵی بە هەموو بەشەکانییەوە.

لێرە لە پاڵ حکومەت، کەرتی تایبەت دەووری باڵای دەبێت لەو ئەرکە نیشتیمانیە، ئەگەر ئەوان بایەخ بە کەرتی کشتوکاڵی بدەن ئەوا دەبێتە سەرچاوەیەکی داهات بۆ خاوەنی کەرتە تایبەتەکان هەروەها بۆ خاوەنی پڕۆژەکانیش. مامۆستا و شارەزایانی بوواری کشتوکاڵی دەکرێت پڕۆژە پێشکەشی خاوەنی کەرتی تایبەت بکەن و بەشێک لە داهات بۆ ئەوان بگەڕێتەوە. بەو هۆیەوە هەم ژمارەێکی زۆری گەنجان دەتوانن ببنە خاوەنی پیشە، هەم ئەو پارە زۆرەی کە بەهۆی کاڵاو خۆراکی هاوردە بە فیڕۆ دەڕوا لە نێو بازاڕەکان و لە لای بازرگانەکان و هەروەها خەڵکی خۆمان بمێنێتەوە. جگە لەو سودە ئابووریانەی باس کران، بووژاندنەوەی کەرتی کشتوکاڵی هۆکارە لە کەمکردنەوەی کێشەی بێ کاری و دواتر چەندەها کێشەی کۆمەڵایەتی. زیاتر لەوە بەهۆی خراپی کاڵا و خۆراکی هاوردە لە وڵاتانی دراوسێ و دەرەوەش رۆژ لە دوای رۆژ ئاستی نەخۆشی لە ناو کۆمەڵگا بەرزدەبێتەوە. لە رێگای کەمکردنەوەی هاوردە لە بڕی ئەو خستنە بازاڕی بەرهەمی خۆماڵی رێگر و هۆکاردەبێت لە کەمکردنەوەی دەردو نەخۆشی جۆراو جۆر بەمەش دەبینە خاوەنی کۆمەڵگایەکی تەندروست و ژینگەیەکی لەبار.

هەموو ئەو ئامانج و گریمانانەی سەرەوە لە رێگای کۆلێژەکانی کشتوکاڵ و وەزارەتی کشتوکاڵەوە مسۆگەر دەکرێت. دەبێت بە هەردوولا دەسەڵاتدارانی سەرو لە حکومەتی هەرێم ئاگاداربکەنەوە، هەروەها تەواوی ئەو مەترسیانەی لە ئەنجامی پشتگوێ خستنی کشتوکاڵ کردن دێنە دی بە داتاو بەڵگەوە بخەنە روو تا هەرچی زووە ئاوڕ لەو کەرتە پڕ بایەخە بدرێتەوە و کوردستان لە چەندین قەیران رزگاربکرێت.





ئامادەکردنی:-
رابەر فەتاح ساڵح 
خوێندکاری دکتۆرا/ مالیزیا 
٢٨/١٠/٢٠١٥

بڵاوی بکەرەوە لە:

دەوەن سەردار

ئەندازیاری کشتوکاڵ

بۆچوون: