عەناب، میوە ، ڕووەک ، کشتوکاڵ

عەناب میوەیەکی خۆراکیی ڕەنگ سووری توێکڵ ڕوونە، بە قەبارە وەک زەیتوون وایە و تامێکی شیرین و لینجی هەیە .داری عەناب بە ئەندازەی دار زەیتوونێک دەبێت و دوو تا هەشت مەتر  بەرزە و لق و پۆپی دڕکاوی یان بێدڕک و بەزۆری لە ناوچە کوێستانەکان ئەڕوێت.

بەری داری عەناب دووجۆرە ، یەکێکیان خڕە و بە ئەندازەی بندوقێک ئەبێت و جۆرەکەی تریشی گەورە و بە ئەندازەی خورمایەک ئەبێت .
# پێکهاتەی خۆراکی – دەرمانییەکانی عەناب:-
عەناب ڤیتامین (C) ، ماددەشەکرییەکان ، پرۆتین ، خوێ کانزاییەکانی تیایە و دارەکەشی ماددەی بەسوودی لێ دروست دەکرێت.
#تایبەتمەندییە خۆراکی – دەرمانییەکانی عەناب:-
-    عەنابی تازە گەیوو خواردنێکی خۆش و بەتامە و کاریگەری ڕەوانیی هەیە.
-    عەنابی ووشک، لە عەنابی تازە و تەڕ باشترە و سروشتێکی ساردی هەیە و بە وشککراوی تا دوو ساڵ خۆی دەگرێت ئەمێنێتەوە.
-    عەناب بە تەنیا یان لەگەڵ خواردنی تریشدا دەخورێت.
-    تایبەتمەندی خۆراکی عەناب زۆر نییە ، بەڵام تایبەتمەندییەکی هەیە کە گەرمی لەش دائەبەزێنێت و سروشتێکی فێنکی هەیە.
-    خوێن پاک دەکاتەوە گەش و جوانی دەکات.
   بۆ جگەر و بۆرییەکانی خوێن زۆر بەکەڵکە و (بەرد و خوێیە زیانبەخشەکانی ڕائەماڵێت).
   عەناب خواردن بۆ دابەزاندنی تای لەش بەکەڵکە.
   کەمپوت و مرەبای کەمشیرینی عەنابیش خواردنێکی زۆرخۆش و بەتامە و یارمەتی ساغ مانەوەی جگەرئەدات و گوشاری خوێن کەم دەکاتەوە.
   ئارام بەخش و هێورکەرەوەی برینی هەوکردووە و هەمان سوودیشی بۆ ماسولکە ڕەقبوون و ئازاری جگەر و میزەڵدان هەیە.
-    بۆ چارەسەری ڕەوانی ٥ تا ١٠ دەنک عەنابی وشک بە دەنکەوە  بکوتە و بیخۆ سوودی زۆری ئەبێت.
-    بۆ نەخۆشی (سورێژە) ، ئەتوانرێت ئاوی کوڵاوی عەناب لەگەڵ عەرەقی کاسنی تێکەڵ بکرێت و ئەگەر نەخۆشەکە کۆکەی هەبوو، باشتر وایە عەرەقی گوڵە نیلۆفەری تێکەڵاوبکرێ و گیراوەکەی بخورێتەوە.
-    بۆ ئەو کەسانەی تووشی خروی لەش بوون یان لەشیان قنچکەی سەرزەرد دەرئەکا ، ئەتوانن ئاوی ٣٠ دەنک عەناب لەگەڵ پیاڵەیەک  عەرەقی کاسنی یان عەرەقی نیلۆفەر بکوڵێنرێت و لەسەریەک بۆ ماوەی چەند ڕۆژ ، رۆژانە نیوکاتژمێر بەر لەنان خواردن بخورێتەوە سوودی زۆری ئەبێت یان دەنکی وشکبووەی  عەناب بهاڕن و بەتەنیا یان لەگەڵ کەمێک سکرنەدا تێکەڵی بکەن و لەشوینی خورانەکەی بدەن و خورووەکە ناهێڵێت.
-    عەناب بۆ سنگ و قورگ نەرمکردن و چارەسەری کۆکە و حەساسیەت بەسوودە .
   ئاوی عەناب لە چارەسەری بەڵغەمی قورگ دا یارمەتی دەرەو هاوسەنگی لیکی ناودەم ڕائەگرێت .
-    خواردنی هاڕاوەی عەناب بەناوکەوە ، بۆ چارەسەری برینی گەدە و ڕیخۆڵەکان زۆر بەکەڵکە.
-    عەناب بۆ چارەسەری تەنگەنەفەسی و ئازاری سنگ و خیزە خیز و قوڕگ ئێشە و ئازاری کۆم و گورچیلە و میزەڵدان زۆر بە سوودە ئازارەکە ناهێڵێت .
-    بۆ چارەسەر و پاککردنەوە و پاڵاوتنی خوێن و چارەسەری جگەر و وشکبوونەوەی پێست و کەڵک وەرگرتن لە کوڵاوەی عەناب و سوودبەخشە و بۆئەو مەبەستەش ئەبێت دوای ڕەچاوکردنی تەمەن و کێشی کەسەکان ١٠ تا ١٥ دەنک عەنابی وشک و کوتراو لەبڕێک ئاودا (پەرداخێک) بکوڵێنرێت و هەر ڕۆژە و بەر لەیەک کاتژمێر لەنانخواردن لێی بخورێتەوە.
#تایبەتمەندی گەڵا و توێکڵی دار عەناب:-
   پێنج ڕۆژ لەسەریەک و هەر ڕۆژەی (نیولیتر) ئاوی کوڵاوی گەڵای دار عەناب بۆ لابردن و چارەسەرکردنی خروی لەش بەکەڵکە.
   کوتانی گەڵای وشکی عەناب بۆ چارەسەری برینی ئاوڵە و برینی خراپ بوو
(واتە لێدانی تۆزەکەی کە ووردبووە) زۆرباشە و مەترسیشی نییە ئەگەر ئەو برینانە لەناو دەمیش دابن و ئەو کوتراوەی لێبدرێت.
-    توێکڵی دار عەناب باش باش بکوترێت و بە تەنیا یان لەگەڵ بڕێکی یەکسانی خوێ (سپیاو) تێکەڵاو بکرێت و بکرێتە ناو برینی هەوکردووەوە چارەسەری ئەکات و بەزوویی برینەکە ساڕێژ ئەبێتەوە .
   خواردنی ئاردی دار عەناب بۆ دڵ تێکهەڵهاتن و خروو بەسوودە.
-    باشتروایە عەناب لەگەڵ مزرەسێودا بخورێت تا نەبێتە هۆی گیران.
-    زیادەڕۆیی لە عەناب دا ئەبێتە هۆی باکردن و ئاوسانی سک.
-    زیادەڕۆیی لە عەناب دا شەهوەت کەم ئەکاتەوە و ئارەزووی سێکسی کەم ئەکاتەوە.
   عەناب کەمێک دڕەنگ هەرس ئەبێت و (با) دروستکەرە ئەگەر بەرلەخواردنی بە هەرشێوەیەک ئارەزوو ئەکەین سەرەتا لە گوڵاو دا داینێ و دواتر ئەوسا ئاسانتر هەرس دەبێت.


سەرچاوە:-
گۆڤاری خاک
ژمارە ٤٩

دووبارە نوسینەوەی:
ئەندازیاری کشتوکاڵی
دەوەن سەردار حەمە عەلی

بڵاوی بکەرەوە لە:

دەوەن سەردار

ئەندازیاری کشتوکاڵ

بۆچوون: