ناوە زانستییەکەی :- Bougainvillea spp.
ناوی خێزانەکەی:- Nyctaginaceae

جەهەنەمی جوانترین جۆرە ڕووەکی خۆهەڵواسە بەلای خاوەن باخچەکانی ناو ماڵانەوە ، بە تایبەتی لە هەردوو ناوچەی ناوەڕاست و خواروودا ، چونکە ئەم ڕووەکانە  هەمیشە سەوزن ، هەروەها لەبەرئەوەی گەڵای تەوەرەیی و ( قەنابی ) جوانیان پێوەیە بە درێژایی ساڵ، ڕەنگی ئەم گەڵایانەش بە پێی جۆر و چەشنی ڕووەکەکان دەگۆڕدرێت ، ئەم گەڵایانە لای زۆر کەس بەگوڵ دادەنرێن ، کەچی دەبینین گوڵی ڕاستەقینەی ڕووەکی جەهەنەمی بچکۆلانە و بێ دیمەنن و لە ڕازاندنەوەشدا بێ بایەخن ، کەچی ( قەنابەکان – گەڵا گۆڕاوەکان) جوانییەکی تایبەتی بەم خۆ هەڵواسانە دەبەخشن.
سیفەتەکانی:-
هەموو جۆرە جەهەنەمییەکان هەمیشە سەوزن ،  ( ٥ – ١٠ ) مەتر بەرز دەبن و بەهۆی ئەو دڕکانەوە خۆیان چەسپ دەکەن کە بەسەر لقەکانەوە هەن ، ئەم ڕووەکانە بەرگەی بڕینەوە و شێوەبەندیی دەگرن.
ڕێگەکانی زۆربوون:-
بەهۆی قەڵەم  لە بەهاران دا ، هەروەها بە نواندنیش .
گەڵاکانی:-
شێوە هێلکەیین ، لەدەست لێدان دا وەکو پێستە وایە ، ڕەنگیان سەوزێکی تاریکە.
ژینگەی گونجاو :-
هەموو جۆرە ڕووەکە جەهەنەمییەکان لە خاکی نیشتەنی پڕ لە ماددەی ئۆرگانی دا گەشە دەکەن ، بە تایبەتی ئەگەر شوێنەکەیان بەر ڕۆژ بێت ، چونکە بەرگەی پلەی گەرمیی بەرزی گەرمی دەگرن و بەڵام هەر زوو بە ساردی کاریان تێ دەکات ، بۆیە دەبینین لەو ساڵانەدا کە ناوچەکە تووشی شەپۆلی ساردی دەبێت و پلەکانی گەرمیی دەگەنە ژێر پلەی سفرەوە هەموو لقەکانیان دەمرن ، بەڵام لە بەهاردا دووبارە لقی تازە و بەهێز دەر دەکەنەوە ، لەبەر ئەوە چاکترین ناوچە بۆ چاندنی جەهەنەمی ناوچەکانی ناوەڕاست و باشوورە ، بە تایبەتی ناوچەی ( بەسرە ) ، چونکە لەوێدا پلەکانی گەرمی و ڕاددەی شێی ناو هەوا بەرزن.
گرنگی جەهەنەمی بۆ ڕێکخستنی باخچەکان:-
لەبەر زوو گەشەکردنی ئەم ڕووەکە و دەرکردنی گەڵای گۆڕاو ( قەناب) لە ساڵی یەکەمییەوە و مانەوەی ئەم جۆرە گەڵایانە بە درێژایی ساڵەکە و هەروەها لەبەر دەرکردنی لقی تازە و نوێ ، ڕووەکی جەهەنەمی بۆ ئەوە دەشێت کە وەک پەرژینە گەڵایەکی گوڵدار بخرێتە سەر پەرژینە ئاسنەکان و تانۆکەکانی باخچەی ماڵان و باخچە گشتییەکان ، هەروەها ڕووەکەکە خۆ بە کەپر و کەوانە و جۆرەکانی تردا هەڵدەواسێت ، سەرەڕای ئەمانەش دەتوانین لەناو سندووق و بەرمیلە تەختەی گەورەدا پەروەردەی بکەین و بۆ ڕازاندنەوەی ژوور و ساڵۆن و هۆڵەکان بەکاری بهێنین، هەروەها بۆمان هەیە وەک نموونەیەکی تاک یا لەشێوەی کۆمەڵە ( ٣ – ٥ ) ڕووەک دا لە گۆڕەپان و مەیدانەکان دا بیان نوێنین ، چونکە ئەمانە شوێنی بەرچاون و جەهەنەمیش ڕووەکێکی سەرنج ڕاکێشە گەلێک جۆر و چەشنی جەهەنەمیش هەن ، کە گرنگترینیان ئەمانەن:-

١- Bougainvillea glabra :-
خۆ هەڵواسێکی خێرا گەشە کردەیە و بە زۆری وەک پەرژینی ڕازاندنەوە بەکاردێت ، بەوە جودا دەکرێتەوە کە بە درێژایی ساڵ ( قەنابی ) سووری کراوەی پەمەیی پێوە دێت ، لقەکانیشی دڕکاوین ، ¬هەروەها ئەم جۆرەیان بەرگەی دابەزینی پلەکانی گەرمی دەگرێت  چونکە زووش گەشە دەکات ، بۆیە دەتوانین لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان دا بیڕوێنین . سەرەڕای ئەمەش بۆمان هەیە لەناو مەرکانەی گەورە و بەرمیل و سندووقە تەختەدا بیڕوێنین ، چونکە لە ساڵی یەکەمەوە ( قەنابی ) ڕەنگ سووری کراوەیان پێوە دێت.

٢- Bougainvillea spectabillis :-
ئەم جۆرەیان جوداوازی لەگەڵ جۆری یەکەم دا هەیە ، بەوەی کە گەڵاکانی گەورەتر و درێژترن و ( قەنابە ) کانیشی گەورەتر و ڕەنگ ئەرخەوانین ، هەروەها گەشەکردنی بەهێزە و دڕەکەکانیشی پتەون ، ( قەنابی ) ئەم ڕووەکە لە سەرەتای ئەیلولەوە دەردەچن و بە درێژایی زستان دەمێننەوە واتە لە ماوەی دەرچوونی ( قەنابی ) نەک بە درێژایی ساڵ.


٣- Bougainvillea spectabills . V. Mrs Butte:-
قەنابەکانی ڕەنگ سووری هەنارین و بە درێژایی ساڵ بەسەر لقە لاوەکییەکان دا دەمێننەوە ، گەڵاکانیشی گەورە و تا ڕاددەیەک خڕن ، ئەوەی شایەنی باسە ئەوەیە کە هەموو چەشنەکانی (V. Mrs Butte) زەحمەتە بەقەڵەم هەروا بە ئاسایی زۆر بکرێن ، بەڵام دەتوانین بۆ ئەم زۆرکردنە هۆڕمۆنی () بەکاربهێنین ، واش دەرکەوتووە کە باشترین خەستی بۆ ئەم زۆرکردنە بریتییە لە (٢٠٠٠) بەش لە ملیۆنێک ، زۆر بەئاسایش ئەم چەشنە بە نواندنی هەوایی و نواندن (ترقید) ی زەوییەوە زۆر دەکرێت. 
٤-  Bougainvillea alba:-
زۆر لە چەشنی ( مسز بیت V. Mrs Butte) دەکات ، بەڵام (قەنابەکانی) ئەمەیان سپین ، دەتوانین ئەم جۆرەیان بەسەر جۆرە ( قەناب )ە سوورە تاریک و کاڵەکان دا موتوربە بکەین ، کە ئەو کاتە ڕووەکەکە بەم دوو ڕەنگە جیاوازەوە زۆر جوان دێتە بەرچاو.
سەرچاوە:-
پەرتووکی ( ئەندازەکاری باخچەکان )
نووسینی / د.طاهر نجم رسول بێتووشی
وەرگێڕانی بۆ کوردی / شێرکۆ ئەحمەد حەوێز
دووبارە نووسینەوەی / دەوەن سەردار حەمە عەلی

بڵاوی بکەرەوە لە:

دەوەن سەردار

ئەندازیاری کشتوکاڵ

بۆچوون: