Broccoli , برۆکۆلی , شێرپەنجە ، نەخۆشی ، دەرمان

ڕووەکی برۆکۆلی(Broccoli) کە لەتیرەی کەلەرمییەکان و قەرنابیتییەکانە،یەکێکە لە ڕووەکە خۆراکییە زۆر گرنگەکان بۆ تەندروستی مرۆڤ . ماوەی ٢٥ ساڵێکە لەسەرتاسەری جیهان دا بڵاوبووەتەوە، شێوەکەی سەوزێکی تۆخ و درێژو باریکە و
تاڕادەیەک لە قەرنابیت دەچێت بەڵام بەشێوەیەکی کراوەتر . لەو کاتەوە تا ئێستا چەندین لێکۆڵینەوەی زانستی و پزیشکیی لە زانکۆ بەناوبانگەکانی جیهان دا لەبارەی سوودی ئەم ڕووەکەوە ئەنجام دراوە و گەلێک پێکهاتەی گرنگی تیا دۆزراوەتەوە، کە گرنگترینیان ماددە دژەشێرپەنجەکانن .

برۆکۆلی لەکاتی کڕینی دا دەبێت چڵەکانی سەوزبن و زەرد نەبووبن ، بەکاڵی وەک زەڵاتە و بە کوڵاویش دەخورێت، ئەویش بە کوڵاندنی بۆ ماوەیەکی کەم تا ماددە سوودبەخشەکانی لەدەست نەدات (کە ئاوەکە کوڵا بەماوەی ٨-١٢ خولەک قوڵپ بدات).
برۆکۆلی پڕیەتی لە ماددەکانی دژە ئۆکسید ، کە خانەکان ئەپارێزێت لە ڕزین و شێرپەنجە، کۆمەڵیکی زۆریش کانزا و ڤیتامینە سەرەکییەکانی تێدایە.

کوپێک برۆکۆلی کوڵاو، ٤٠کالۆری تیایە،واتە هەر ١٠٠گرام برۆکۆلی ٢٥کالۆری وزەی تێدایە.
دووهێندەی پێویستی مرۆڤ لە ڤیتامین سی(C) و وە یەک لەسەر سێی پێویستی لەش لە ڤیتامین (A) و ترشی فۆلیک بە لەش ئەبەخشێت.
کالیسیۆم و ئاسن و پرۆتینی تیایە.
زۆر دەوڵەمەندە بەمادەی (بایۆفلافۆنی دات)کە دژی شێرپەنجەیە.
ڕێژەیەکی بەرزی ڕیشاڵی تیایە.

برۆکۆلی دەرمانی دژە شێرپەنجە
زۆردەوڵەمەندە بە ماددەکانی دژە ئۆکسید، ئەو مادانەی خانەکان ئەپارێزن لە گۆڕان و داخوران.ئەوکەسانەی برۆکۆلی دەخۆن ، ئەیانپارێزێت و ئەگەری تووش بوون بە شێرپەنجە زۆر کەم ئەکاتەوە ،بەتایبەتی شێرپەنجەی قۆلۆن ،مەمک،ملی رەحم،سی،پرۆستات،ڕیخۆڵە،قورگ و میزەڵان.بە تایبەت ماددەیەکی تیایە بەناوی سۆلفۆرافان کە ژمارە و قەبارە و زیادبوونی خانە شیرپەنجەییەکان بەشێوەیەکی بەرچاو کە دەکاتەوە.
لێکۆلەرانی زانکۆی لۆس ئەنجلس لە ئەمریکا بۆیان دەرکەوت کە ئەو ماددەیە سیستەمی بەرگری لەش زۆر پتەو دەکات و پرۆتینێک دەبزوێنێت کە ئەویش ئەنزیمی ئەنتی ئۆکسید چالاک دەکات و ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی لەش لەبەرامبەر پیری دا بەرگری بکات و سەرئەنجام سیما و نیشانەکانی پیری دوا دەخات.
تەنانەت پێدەچێت خواردنی برۆکۆلی گەشەکردنی هەندێک جۆری نەخۆشی شێرپەنجەش ڕاگرێت.زانایانی زانکۆی ئۆهایۆ لە کۆلۆمبیا،ماددەی ئیزۆتیڤ سیانیتی ناو ڕووەکی برۆکۆلییان دژی چەند جۆرێکی خانەی شیرپەنجەیی میزەڵدان بەکارهێنا و بەوپەڕی سەرسووڕمانەوە بینیان گەشەکردنی خانە شیرپەنجەییەکان خاوبووەوە.
ڕێژەی ماددەی ئیزۆتیڤ سیانیت لە برۆکۆلی فەریک دا زۆر بەرزترە وەک لەوەی لە برۆکۆلی گەییو دا هەیە.فیبەرو بیتاکاتۆن ، ڕێگری دەکەن لەگەلێک نەخۆشی وەک: ئەلزایمەر،نەخۆشییەکانی دڵ، هەوکردنی جومگەکان (ئارتریت).کالیسیۆمی ناو برۆکۆلی هێندەی ئەو کالیسیۆمەیە کەلەناو شیردایە و بۆئەو کەسانە زۆربەسوودە کە دووچاری ئێسکەنەرمە ئەبن.
دەرمانی دژی برینداربوونی گدە
لێکۆلەرانی زانکۆی (جان هاپکینز) و سەنتەری نێودەوڵەتی لێکۆڵینەوە لە فەڕەنسا، ئەوەیان بۆ دەرکەوت کە:پلی فنل سۆلفۆرفان،بەکتریا شێرپەنجەییەکانی ناو گەدەلەناو دەبات و توانای لەش زۆر بەهێز دەکات بەرامبەر بڵاوبونەوەو هاتوچۆی بەکتریای درووستکەری برینی گەدە و ئازاری گەدەش کەم دەکاتەوە.
جگە لەوەش خواردنی برۆکۆلی کاریگەری گەورەی هەیە بۆ لەناوبردنی بەکتریاکانی برینی گەدە، و لەبەرئەوەی ئەو بەکتریایە لەبەرامبەر ئەنتی بایۆتیک  دا بەرگری ئەکات،بۆیە خواردنی برۆکۆلی ئەتوانێت تا ڕێژەی زیاتر لە %٨٠ بەکتریاکانی هۆکاری شێرپەنجە و برینی گەدە لەناوبەرێت.

برۆکۆلی و نەخۆشی شەکرە
برۆکۆلی یەکیکە لەوڕووەکانەی بڕێکی زۆر ماددەی (کرۆم)ی تێدایە،بۆ ئەوانەی کە نەخۆشی شەکرەیان هەیە ، بەتایبەت جۆری دووەم (واتە کە هێشتا ئەنسۆلین بەکارناهێنن) ، ماددەی کرۆم بۆ ڕێکخستنی شەکری خوێن زۆر کاریگەرە و لەوانەیە بەخواردنی برۆکۆلی ئیتر پێویست بەبەکارهێنانی دەرمانی کەمکردنەوەی شەکری خوین و تەنانەت بەکارهێنانی دەرزی ئەنسۆلینیش نەبێت.
تەنانەت ئەوانەشی کە شەکری خوێنیان کەمتر لە ئاساییە ماددەی کرۆم  ئەتوانێت زیادی بکات و بیگەیەنێتە ئاستی سرووشتی خۆی.گەر نەخۆشییەکە تازە درووست بووبێت بەخواردنی بڕیکی پێویستی کرۆم لەوانیە نەخۆشییەکە نەمێنێت و نەبێت بە نەخۆشییەکی درێژخایەن (مزمن).
پێئەچێت ماددەی کرۆم جۆرو چالاکی هۆڕمۆنی ئەنسۆلین زیاد بکات و سەرئەنجام بڕێکی کەمتری ئەنسۆلین پێویست ئەبێت بۆ سوتاندنی شەکری ناوخوێن.
سەبارەت بە نهێنی کاریگەری کرۆم، بەپێی لێکۆڵینەوە نوێیەکان ماددەی کرۆم کە لەلایەنی بایۆلۆژییەوە چالاکە خۆی بە ئەنسۆلینەوە ئەبەستێت و توانای ئەنجامدانی ئەرکی سەرەکی ئەنسۆلین (ئۆکسیدکردنی گلوکۆز و گۆڕینی بە یەکەم ئۆکسیدی کاربۆن )سەد ئەوەندەی توانای خۆی زیاد دەکات.

سەرچاوە:- گۆڤاری خاک ژمارە (١٣١)





دووبارە نووسینەوەی:

ئەندازیاری کشتوکاڵ
 دەوەن سەردار حەمە عەلی

بڵاوی بکەرەوە لە:

دەوەن سەردار

ئەندازیاری کشتوکاڵ

بۆچوون: