(معدنوس) ، بە یەکێ لە ئەو ڕووەکانە دەژمێردرێ ، کە هەمیشە لە بازاڕەکان دا دەستدەکەوێ ، نرخەکەی هەرزانە و هەموو کەسێکیش دەتوانێ ، بیکڕێ . لەگەڵ ئەوەش دا گەر لە هەرماڵێک دا هەبێ ، وەک دەرمانگەیەکی نیمچە تەواو وایە ، بۆیە بە ڕاستیی بە (شای سەوزە)ناسراوە.
نیشتیمانی سەرەکی مەعدەنووس ، (میسر)ی کۆنە و هەر لە ئەوێش لە دایکبووە . لە کۆندا ، لە نێو (میسریی) و (فینیقیی) یەکان ، دواتریش لە نێو (ئەغریقی) و (ڕۆمان) ەکان دا ، جەماوەرێکی زۆر فراوانی هەبووە . پاشان لە هەموو ووڵاتەکانی خۆرهەڵاتی نێوەڕاستیش دا بڵاوبۆتەوە . دواتریش لە هەموو دەوڵەتەکانی جیهان دا ، ڕووبەرەکەی گەورەتر بووە و چێنراوە، تەنانەت کەم چێشتخانەی ( ئەوروپا ، ئاسیا و ئەفەریقا) هەیە ، مەعدەنووسی تێدا نەبێت.
لە کۆن دا (ئیبن سینا) لە پەرتووکی (قانوون) دا ، باسی کەڵکەکانی مەعدەنووسی کردووە و ئامۆژگاری پزیشکەکانی کردووە ، بەکاریبهێنن . لە بەرئەوە لە پزیشکی میللی (ئەڵمان)ەکان دا ، زۆر بە فراوانی بەکارهاتووە ، چونکە:
١- مرۆ لە نەخۆشیی کەم خوێنیی دەپارێزێت.
٢- بۆرییەکانی میزکردن خاوێندەکاتەوە و لە نەخۆشی دووریدەخاتەوە.
٣- بەربەرەکانی نەخۆشی (شێرپەنجە) دەکا.
٤- بە یەکێ لە سەرچاوە گرنگەکانی ڤیتامین (C)دەژمێررێ.
٥- بڕێکی زۆر (کالسیۆم) ی تێدا هەیە ، تەنانەت لە شیر و ماست پتری تێدا هەیە.
٦- بۆ چارەسەرکردنی هێندێ نەخۆشیی بەکاردێ ، بۆ نمونە:
• ڕێجیم: شەربەتی مەعدەنووس یارمەتی کەمکردنەوەی کێشی مرۆ دەدا ، چوونکە ڕۆڵێکی لەبەرچاو لە تواندنەوەی چەوریدا دەگێڕێ کە لە جەستەی مرۆدا کۆبووەتەوە.
• بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشییەکانی جگەر و زراو (Cystic) لە جەستەدا بە کەڵکە.
• سووڕی خوێن و دڵ ڕێکوپێک دەکا.
• گەر دەسکێ مەعدەنووس ، لە یەک لیتر ئاودا بکوڵێنرێ ، ڕۆژانە دەموچاوی پێ بشۆرێ ، زیندوویەتی و ڕەونەق بۆ پێستەکەی دگێڕێتەوە.هەروەها چارەسەری زیپکە ، پەڵە و قنچکە دەکا. ئەمەش بە ئەوە دەبێ ڕۆژی (٢) جار و بۆ ماوەی یەک هەفتە بڕێ لە ئەو شەربەتە بخورێتەوە. مەعدەنووسی کوڵاو لە پێستی چەور هەڵدەسوڕێ و پێی دەشێلرێ ، چونکە سەلامەتی پێست و خاوێنیی دەپارێزێ . جگە لە ئەوەی ، وەک (کەمادات) بۆ چارەسەرکردنی هەوکردنی مەمک و گرفتی شیردانیش کەڵکی لێ دەبینرێ . پاشان پلەی گەرمیی جەستەش دادەبەزێنێ ، ئاوی زیادەی نێو جەستە ڕادەکێشێ و عەرەق بە مرۆ دەکاتەوە .
• مەعدەنووس ، بۆ کۆئەندامی هەناسەدان باشە ،بە تایبەتی بۆ ئەوانەی تووشی نەخۆشی هەناسەتەنگیی دەبن ، یا کۆئەندامی هەناسەدانیان ، گرفتێکی دیاریکراوی هەیە. شەربەتی مەعدەنووس دەتوانێ چارەسەری هەوکردنی ژوورەکانی هەوا بکا، ئەمەش بە ئەوە دەبێ ، بۆ ماوەی (١٠) خولەک ، هێندێ مەعدەنووس لە ئاودا بکوڵێنرێ ، ڕۆژانە چەند جارێ بخورێتەوە تا کۆئەندامی هەناسەدان خاوێن بکاتەوە.
• ڕۆنی شلی مەعدەنووس ، بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشیی لاوازیی سێکسیی بەکاردێت ، وزەیەکی زیندوو و هێزێکی جەستەیی باش ، بە مرۆ دەبەخشێ.
• نەخۆشی ڕۆمانتیزم چارەسەردەکات.
• کۆ ئەندامی بەرگری جەستە بەهێز دەکات تا بەربەرەکانی زۆر نەخۆشی بکات.
• مەعدەنووسی کوڵاو ، یارمەتی پشتملەڕژێن دەدات ، گەر بە شەو بکوڵێنرێت ، پاشان پێش نووستن نیو لیتر و لەگەڵ نانی بەیانیش دا نیو لیتری دیکەی لێ بخورێتەوە و بۆماوەی (٣) ڕۆژیش بەردەوامبێت.
• مەعدەنووس ، تامی نێو دەم خۆش دەکات بۆنی پیاز ناهێڵێ گەر کەمێکی لێ بخورێ.
لە بەرئەوە زۆر پێویستە ، مەعدەنووس لەنێو ماڵەکان دا بڕوێنرێت ، یا بەشێوەیەکی بەردەوام بکڕرێ و هەبێ . چونکە بە نیوە دەرمانگەیەکی تەواو دەژمێررێ ، هەم بۆ خۆپاراستن و هەم بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشیش دەبێ.
سەرچاوە: گۆڤاری چەرمۆ
ژمارە (١٩ - ٢٠) ی هاوین و پایزی ٢٠١٢
دووبارە نووسینەوەی :
ئەندازیاری کشتوکاڵ
دەوەن سەردار حەمە عەلی
بۆچوون: