دارناشتن و زۆرکردنی ڕووبەرە سەوزەکان لەنێو شارەکان دا ، بەدیارترین کار دەژمێردرێ وپێویستە، بەشێوەکی باش بکرێ ، بۆئەوەی  ئەندازەی بایەخدان بە شارەکان پیشاندرێ . لەبەرئەوەی ئەم دارانە زۆر گرنگن ، ژینگە دەپارێزن ، ئاو و هەوا خۆشدەکەن ، تۆز و پیسبوونی هەوا ، ژاوەژاو و دەنگی ناخۆش کەمدەکەنەوە ، سەڕارەی  ئەوەی شارەکان جوان و ڕێک دەخەن . جێبەجێکردنی ئەم کارەش پێویستی بەئەوە هەیە ، هێندێ بنەما ، زانیاری و هەنگاوی زانستانە ، بۆ ناشتنی ئەم دارانە ڕەچاوکرێ:


یەکەم: بنەماکانی دارناشتن:
١- هەڵبژاردنی ڕووەکی گونجاو:
 دەبێ ، ئەو ڕووەکانە هەڵبژێرین، کەلەگەڵ ئاو و هەوای نێوچەکدا دەگونجین . ئەمەش بەئەوە دەبێ، ئەو دارانەی سرووشتین و لەنێوچەکە دا هەن ، یا ئەوانەی پێشتر هێنراون و تاقیکراونەتەوە ، خۆیان لەگەڵ کەشوهەوای نێوچەکەدا گونجاوە، ئەوانە بنێژرێن.

٢- مەرج و جۆری ڕووەکە گونجاوەکان:
پێویستە ، هۆکارەکانی ژینگەی نێوچەکە بزانرێ ، بۆ ئەوەی ئەو جۆرە ڕووەکانە هەڵبژێررێ ، کە لەگەڵ ئاو و هەوای نێوچەکەدا دەگونجێن . ئەو دارانەی بۆ ئەم مەبەستەش بەکاردەهێنرێن ، چ سرووشتی بن ، یا هێنرابن ، باشتر وایە ، ئەم مەرجانەیان تێدابێت:

* لەڕووی بەرزی و نزمی پەلەی گەرمیی ، کەم ئاویی و ڕەشەباوە .. بەرگەی بارودۆخی ئاووهەوای نێوچەکە بگرێ.
* بەرگرییەکی باشی بۆ نەخۆشی و مێرووە زیانبەخشەکان هەبێ.
* خێرا گەشەبکات ، لق و پۆپی باش بکا.
* کۆمەڵە ڕەگێکی باشی هەبێ ، بەشێوەیەکی ئاسۆیی ، زۆر گەشە نەکا ، بۆ ئەوەی ڕێ لە گەشەکردنی ڕووەکەکانی دیکە نەگرێ ، تا کار لە دامەزراو ، تەلار ، دیوار و شۆستەکانیش نەکا.
*سرووشتی گەشەکردن ، شێوە و بەرزیی دارەکان ، لەگەڵ مەبەست و شوێنی ڕواندنەکەی دا بگونجێ.
* تەمەن و قەبارەی بەشە سەوزەکەی ، لەگەڵ کۆمەڵە ڕەگەکەیدا بگونجێ ، بەشێوەیە ڕواندنەکەی سەرکەوتوو بێ ، نەشکێ و بریندار نەبێ.
*لەنێوچەکەدا دەستبکەوێ و بە ئاسانیی زۆر بکرێ.

٣- لەڕووی ژینگەوە:
لەڕووی ژینگەوە ، لەگەشەسەندن و پەرەپێدانی شارەکان دا ، ڕووەک ڕۆڵێکی گرنگی هەیە . لەبەرئەوە ، نەبوونی یا کەمیی ژمارەی دار ، ژینگەی نێوچەکە لاسەنگ دەکا. بە کورتیی ، ڕۆڵی ڕووەک لە ئەم بوارانەدا ئەمانەن:

* پیسبوونی هەوا کەمدەکاتەوە ، چونکە ڕێژەی گازی (ئۆکسجین ) ی هەوا زیاددەکات ، کاتێ پرۆسەی ڕۆشنەپێکهاتە دەکەن ، ڕووەکەکان گازی (دووەم ئۆکسیدی کاربۆن) هەڵدەمژن و گازی (ئۆکسجین) دەدەنەوە.
* بە هۆی پرۆسەی بەهەڵم بوونهی ئاوی نێو دارەکان و لەڕێی گەڵاکانییەوە ، ئاووهەوای نێوچەکە خۆش دەکات ، چونکە ڕێژەی شێی هەوا بەرزدەبێتەوە و پلەی گەرمیش ، بەتایبەتی لە وەرزی هاوین دا نزم دەبێتەوە.
* تیشکی خۆر کەمتر دەدرێتەوە ، کە کار لە چاو دەکا، کاتێ ڕووناکیی زۆربێ ، چونکە گەڵای دارەکان ، بەشێ لە لە تیشکی خۆر هەڵدەمژن و هێندێکی دەدەنەوە.
* دەنگ هەڵدەمژێ و ژاوەژاو کەمدەکاتەوە ، بە تایبەتی لە ئەو شوێنانەی خەڵکێکی زۆری تێدا دەژی.
* خاک دەپارێزێ ، ڕاماڵین بەهۆی با و باران لافاوەوە کەمدەکاتەوە.
* شارەکان لە ڕەشەبا دەپارێزێ و خێراییەکەی کەمدەکاتەوە.


٤- لە ڕووی ئەندازەوە:
هێندێ ڕووەک ، ئەرکی ئەندازەیی لە دامەزراو و تەلارەکاندا دەبینن . بۆنموونە : گەر هێندێکیان لە نزیک یەکدییەوە بچێنرێن ، بە شێوەیەک بێت ،ئەرکی دیوارببینن ، باخچەکان جیاکەنەوە ،یا ڕووبەرێکی سیاریکراو، بۆ چەند بەشێکی جیاواز دابەشکەن   یا دیمەنێکی نەویستراو بشارنەوە ، سەرەڕای ئەوەی ڕێ و ڕێڕەوەکانی نێو باخچەکان ، لە یەکدی جیا دەکەنەوە ، بۆ ئەوەی بەکارهێنەرانی بە ئاڕاستەیەکی دیارییکراو ڕێنماییکرێن ، بەشێ یا بۆشایی لە نێو ماڵەکان دا پڕکەنەوە ، یا باخچە و خانووەکە پێکەوە ببەستن . یا پەیکرێ دەرخەن ، یا ناتەواوییەک بشارنەوە ، یا کەموکووڕیی لەشێوە و بەرزی خانووەکەدا چاککەن.

٥- لە ڕووی ڕێک خستن و جوانکردنەوە:

ئەرکێکی سەرەکی دیکەی دار و درەخت ئەوەیە ، شارەکان جواندەکەن ، باخچەکان ڕێکدەخەن و دەڕازێننەوە ، پێکهاتەیەکی سرووشتی جوان ، بە تەلار و دامەزراوەکان دەبەخشن ، تەنیایی و ڕەقوتەقییەکان دەشکێنن . ئەمەش ئەو کۆمەڵە ڕووەکانەن ، بەشێوەیەکی گشتی ، لەڕێکخستن ، جوانکردن و ڕازاندنەوەی باخچە ، گۆڕەپان و شەقامەکاندا بەکاردەهێنرێن:
- دار و دەوەنەکانی جوانیی.
- پەرژینەکان.
- گیا گووڵدارەکان.
- پیازە گوڵدارەکان.
- ڕووەکە پزیشکی و بۆندارەکان.
- ڕووەکە ئاویی و نیمچە ئاوییەکان.
- ڕووەکی پانتاییە سەوزەکان.

دووەم: هەنگاوەکانی ناشتنی ڕووەک لەنێو شارەکان دا:
١- پێویستە ، ئامانجی دار ناشتنەکە دیاری بکرێت . بۆ نموونە: جوانکاری ، ژینگەیی .... بێ.
٢- چاڵەکان و دوورییان لە یەکدییەوە ، دەسنیشان کرێن.
٣- ئەو خاکەی بۆ دارناشتنەکە بەکاردێ ، جیاکرێتەوە ، ئایا بۆ ئەو مەبەستە شیاوە ، یا پێویستی بە کەرەسەی ئۆرگانیی و پەیین هەیە؟
٤- ئەو دارانەی دەنێژرێن ، دیاریکرێن ، ئایا لەگەڵ پانیی شۆستەکان و قەبارەی چاڵەکاندا دەگونجێن ؟ تا چەن ئامانجەکەمان بەدیدێ؟
٥- هەموو کارەکانی کشتوکاڵ ، وەک چاندن و ئاودان ، بەپێی بنەما زانستییەکان ، جۆر و سرووشتی گەشەکردنی ڕووەکەکان جێبەجێکرێن .
٦- هەموو کارەکانی ڕاژەکردن ، چاککردنەوە ، ئاودان ، هەڵپاچین ، پاراستنیان لە نەخۆشیی و مێرووە زیانبەخشەکان ، بەپێی پێداویستیی ڕووەکەکان و بارودۆخی ئاووهەوا ڕاپەڕێنرێن ، بۆ ئەوەی خاوێنیی ، ڕێکخستن و جوانیی دارە چێندراوەکان بپارێزرێ.


ئامادەکردنی: 
دکتۆر عوسمان کامل هەورامانیی
بەشی باخداری فاکەڵتی زانستە کشتوکاڵییەکان.

سەرچاوە: گۆڤاری چەرمۆ / ژمارە (٢٢) ساڵی ٢٠١٣

بڵاوی بکەرەوە لە:

دەوەن سەردار

ئەندازیاری کشتوکاڵ

بۆچوون: