Rice , برنج ، الرز

برنج یەکێکە لەو دانەوێڵانەی کە مرۆڤ ناتوانێت دەستبەرداری بێت و بووە بە بەشێکی گرنگی ئاسایشی خۆراکیی هەندێک لە گەڵانی جیهان بە تایبەت لە کیشوەری ئاسیا دا ، هەروەک گەنمەشامی و پەتاتە کە پێیان دەوترێت خۆرکە سەرەکییەکان و دەیان ساڵە بەربڵاوترین و بەکارهێنراوترین دانەوێڵەی جیهانە. ناکرێت بە ئاسانی باسی بایەخی ئەم دانەوێڵەیە و خۆشەویستییەکی بکەین لای زۆر لەگەڵانی جیهان و ئێستا مرۆڤ بە ئاسانی ئەتوانێت جۆرە جیاوازەکانی برنج لەبازاڕدا پەیدابکات.

لەناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و کوردستانی خۆشمان دا برنج زۆر  بەکارئەهێنرێت بەتایبەت وەک قبوڵی و پڵاو لەگەڵ شلەدا . هەروەها چەندین جۆر دەرمانی وەک بەهارات و زەردەچەوە و لەتکە نۆک و کشمیشی تێ دەکرێت.

ناوی جیهانیی برنج (ڕایز) ە لەزمانی یۆنانی وەرگیراوە (ئۆریزا) و لە لاتینی دا بووە بە (Oriza) و لە ئینگلیزیش دا بووە بە ڕایز (Rice) و لە فەڕەنسیش دا بووە بە (ڕیز) . بەڵام لەبنەچەدا ناوەکەی ئەگەڕێتەوە بۆ ناوێکی ئێرانی – هیندی  و پێی وتراوە (Vrihi) کە پێ دەچێت ڕیشەی سانسکریتی هەبێت. ناوە سانسکریتییەکەی برنج و گەنمیش ئەگرێتەوە کە سەرچاوەی ناوی زۆر لە جۆرەکانی برنجە . بەڵام هەندیک لە زانایان پێیان وایە ڕیشەی ناوەکە (تامیل) ییە ئەریزی(Arici)یە  و عەرەبیش لەویان وەرگرتووە (ڕرز)  (a- ruzz)  و پورتوگاڵ و ئیسپانیاش پێی ئەڵێن ئەڕوز (arroz) .هەروەک لە ئینگلیزی دا وایلد ڕایز (Wild Rice) واتە برنجی کێوی بەکار ئەهێنرێت.

لەبەرئەوەی لە هیندستان  زۆر جۆری برنجی کێویی هەیە ، بۆیە زۆر لە زانایان و مێژووناسان ڕایان وایە کە برنج (Oryza sativa) سەردەمانێکی زوو لەو وڵاتەوە هاتووە ، یا لە میانمار و تایلاندەوە . هەرچەندە هەندێکی تر ڕایان وایە کە لە چەندین ناوچەی ئیستواییەوە هاتووە . کەچی هەندێک کەسی تر ناوچەکانی باشووری چین بە زێدی برنج ئەزانن ، بە پێی هەندێک هەڵکۆڵین لە هەرێمی (یۆنان) و بەتایبەت لەکەناری ڕووباری (یانگتز) و لەوێوە گوێزراوەتەوە بۆ ئێران و وادیارە لەسەدەی حەوتەم دا گەیشتووەتە میسڕ و لەوێوە بەزۆربەی ناوچەکانی دەریای ناوەڕاست و دوورگەی سەقەلییەی ئیتاڵیا دا بڵاوبووەتەوە.
بەهەر حاڵ ، بەڵگە مێژووییەکان پیشانی ئەدەن کە برنج پێش زیاتر لە ١١ هەزار ساڵ لە ناوچەکانی باشووری چین هەبووە، ئەگەر چی بە تەواویی نازانرێت کە ئایا بۆ خواردن بەکارهاتووە یان تەنیا برنجی کێویی بووە و لەوناوچەیەدا ڕوواوە . بەڵام برۆس سمیس کە زانایەکی ئەمەریکایییە  لە واشنتۆن و کتیبی ( مێژووی کشتوکاڵ لە جیهان دا) ی نووسیوە، دووپاتی ئەکات کە چاندن و بەکارهێنانی برنج بە فراوانی لەوناوچانەی نزیک ڕووبارەکە هەبووە و هەندیک ڕایان وایە مێژووی برنج لەوناوچەیە ئەگەڕێتەوە بۆ ٦٤٠٠ ساڵ پێش ئێستا.

لە هیندستانیش بە پێی هەڵکۆڵینەکان ٥٥٠٠ ساڵە برنج لەوێ هەیە و پێئەچێت ڕووباری (گانگ) یارمەتیدەری چاندن و بڵاوبوونەوەی بووە.

هەڵکۆڵینەکانی ژاپۆن و کۆریاش ئاماژەی ئەوە ئەدەن کە پێش ٣٠٠٠ ساڵ خەڵکی ئەوێ برنجیان ناسیوە. هەندێک هەڵکۆڵینی ساڵی ٢٠٠٣ ش ئاماژەی ئەوە ئەکەن کە برنج پێش ١٣٠٠٠ ساڵ لەناوچەی سوروری کۆریا هەبووە، واتە پێش چین . فیلپینیش لە کۆنەوە و پێش ٣٠٠٠ ساڵ ناسیوە و دانیشتوانەکەی ،هەندیک ناوچەی شاخاوی بە کێڵگەی برنج ڕازاوە لەوکاتەوە ، بە سەڕسووڕهێنی هەشتەمی جیهان ئەزانن. و هەندێک لەو شوێنانە ناوچەی پارێزراون و ڕێکخراوی یونسکۆ وەک کەلتوورێکی مرۆیی سەیریان ئەکات کە پێویستە بپارێزرێن.

لەسەدەی نۆزدەیەم دا ، بوونی ئەورووپییەکان بەتایبەت بەریتانییەکان لە کیشوەری ئاسیا، یاریدەدەر بوو لە بڵاوبوونەوەی کشتی برنج و زیادکردنی بەرهەمی . و لەو دەمەوە بۆرما گرنگترین وڵاتی ناردنی برنج بوو تا ساڵی ١٩٧٠ ، پاشان تایلاند بووە سەرلیستی وڵاتانی برنج نێر.

لە ئەفەریقاش لەدەلتای ڕووباری نەیجەر و سەنیگاڵ ، ٥٠٠ ساڵ پێش فیلپین برنجیان ناسیوە.
عەرەب لە نێوان سەدەکانی حەوت و یانزەدا برنجیان هێناوەتە ئەفەریقا بۆ ناوچەکانی چاد تا نیلی سپی. باشووری عێراق دۆڵی ڤۆڵگا لای دەریای قەزوین و دۆڵی ئوردون و یەمەنیش لەوناوچانە بوون کە کشتی برنجیان تیاکراوە.
وڵاتانی عەرەب و ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بە گشتیی لەڕێی یۆنانەوە و پێش قۆناغی کلاسیکی و ڕۆمانی برنجیان ناسیوە. هەندێک لە لێکۆڵەرانیش چەند جۆرێکی برنجیان لە ناوچەی سوسای ئێران دۆزیوەتوە لەسەدەی یەکەمی دای زاین دا. هەروەک لە دۆڵی( بو) لە ئیتاڵیا کشتی برنج کراوە . بلینی مێژوونووسیش باسی ئەوەی کردووە کە برنج لە سوریا و میسڕ و تورکیا و یۆنان هەبووە و کشتوکاڵی کراوە.

وادیارە برنج ، بەڕێکەوت گەیشتووەتە ئەمەریکا ، و  ئەگێڕنەوە کە ساڵی ١٦٩٤ زریانێکی دەریایی لە کەشتییەکی بارهەڵگری هۆڵەندیی داوە کە لە مەدەغەشقەرەوە ، و کاپتنەکەی ناچاربووە لەبەندەری چارلستۆنی ئەمەریکا لە کارۆلینای باشوور لابدات ، و دوای ئەوەی خەڵکی هەرێمەکە یارمەتی کاپتنە ئینگلیزەکەیان دا بۆ چاککردنەوەی کەشتییەکەی و هاتنەوە سەرخۆ، ئەویش وەک نیشانەی خۆشەویستی و سوپاس گوزاری بڕێک برنجی زەردی پێبەخشین، و لەوەوە برنج لەسەرتاسەری ئەمەریکادا بڵاوبووەوە ، ئێستا کشتی برنج لە هەرێمەکانی تەکساس و ئەرکنساس و کالیفۆرنیا و میسیسیپی بەفراوانی ئەکرێت ، و لەساڵانی ڕابردوودا لە ئەمەریکا برنجی ( لێنان ئاسان) ی وەک ( ئەنگڵ بنز) و /جەندین جۆری هەرزانی هەبوو.

جۆرەکانی برنج لە ژماردن نایەن و لە نێوان ٧ هەزار تا ١٠ هەزار جۆری برنج هەیە کە جیاوازییەکەیان پەیوەستە بە سروشتی خاک و ئاو و کاتی چاندن و دروێنەوە. و جگە لە ڕەنگەکانی سپی و زەردی کاڵ و ئاڵتوونیی تا گەنم ڕەنگ و ڕەش و سووری هەیە بە تایبەت لە ئاسیا ، ئەوا برنج بە درێژیی دەنکەکەشی جیا ئەکرێتەوە ، وەک برنجی درێژ و برنجی کورت و ناوەنجی ، و ئەمەریکا و هەندێک وڵاتی ئاسیا بە برنجی درێژ بەناوبانگن .

بانکێکی نێودەوڵەتیی تایبەت بە برنج هەیە ، کە نزیکەی ١٠ هەزار جۆری برنج ی تیایە، کە بە پێی شێوە و جۆر ڕیزبەندیی کراون . برنجی  تایلەندی ( یاسەمین – Jasmine rice) درێژ و وشکە ، چونکە مادەی ( ئەمیلۆپەکتین)ی تیایە بە پێچەوانەی برنجی کورتەوە . و ژاپۆنییەکان زیاتر برنجی (موشی) و (ساک) بەرهەم دێنن ، و چینییەکان برنجی کورتی شێدار.

هیندستان بە برنجی درێژ ناسراوە ، بەڵام زۆربەی جۆرەکانی ئەچێنێت بەتایبەت بۆندارەکان کە جۆرێکیان بۆنی عەتری (مانگۆ)ی لێدێت و پێی ئەوترێت ( برنجی ئەمبیمۆهار) ، ئینجا برنجی بەسمەتی بۆندار و بانتا کە لەهەموویان زیاتر بەکاردێت بۆ خواردن . هەرچەندە بەرهەمی برنجی ئەمەریکا و تایلاند تەنیا % ٦ ی برنجی جیهانە کەچی بەهەردووکیان زیاتر لە % ٤٥ ی برنجی ناردەدەرەوەی جیهان دابین دەکەن.

بە پێی ژمارەکانی ڕێکخراوی خۆراک و کشتوکاڵی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان هێشتا تایلاند گەورەترین نێرەری برنجە لە جیهان دا و دوای ئەو هیندستان و ڤێتنام و ئەمەریکا و پاکستان دێن.

ساڵی ٢٠٠٤ برنجی ناردراو لەچاو ساڵی ٢٠٠٣ دا بەڕێژەی %٤،٤ زیادی کردووە کە ئەکاتە ٢٩ ملیۆن تەنی مەتری . دوا ئامارەکانیش پیشانی ئەدەن ناردەی برنجی تایلاند لەساڵی ٢٠٠٧ دا کەمی کردووە بۆ ٩،٧ میلۆن تەنی مەتریی ، و لە وانەیە کەمتریش بێت ، لەگەڵ دەستوەردانی زیاتری حکومەت لە نرخ و بڕی ناردە دا.

پێ ئەچێت وڵاتانی وەک گۆیانا و ئەرژەنتین و میسر و هیندستان و ئیتاڵیا و پاکستان ئاستی ناردەی برنجیان بەرزبێتەوە  و وڵاتانی تری وەک چین و میانمار و ئەمەریکا و ئیمارات و ئیسپانیا ئاستی ناردەیان پشکشە بکات. و سعودیە و عێراق و ئێران و کوبا و مەکسیک و ڕوسیا لەو وڵاتانەن  کە زۆرترین برنجی ناردە ئەکڕن.

سەرچاوە:- گۆڤاری خاک 
ژمارە ١٤٤





دووبارە نووسینەوەی:

دەوەن سەردار حەمە عەلی
ئەندازیاری کشتوکاڵ

بڵاوی بکەرەوە لە:

دەوەن سەردار

ئەندازیاری کشتوکاڵ

بۆچوون: